ڕووناک و ڕووناکایی وێنەکان

رووناک ڕەسووڵپوور له‌ سالی ١٩٧٨ی زایینی له‌ شاری مه‌هاباد له‌ دایك بووم. به‌شێك له‌ خوێندنی سه‌ره‌تاییم له‌ شاری بۆكان‌ بووه‌ و به‌شه‌كانی ناوه‌ندی و دواناوه‌ندیم له‌ مهاباد خوێندووه‌. هه‌میشه‌ شاگردێكی ته‌نبه‌ڵ بووم و له‌و باوه‌ڕه‌دا بووم كه‌ ئه‌و شێواز و سیسته‌مانه‌ی خوێندن بێهوده‌ن. به‌هه‌ر چه‌رمه‌سه‌رییه‌ك بێت قۆناخی ناوه‌ندیم ته‌واو كرد. له‌وێ بوو كه‌ به‌ هۆی تنبه‌ڵی وتیان ده‌بێ بچمه‌ هونه‌رستان چونكه‌ كۆی نمره‌كانم ته‌نیا بۆ به‌شی‌ هونه‌ر و بیركاری ده‌بوون. بۆ بیركاری دلنیا بووم كه‌ ده‌رنابه‌م و ناتوانم تێیدا سه‌ركه‌وتوو بم، هه‌ر بۆیه‌ش له‌ به‌شی هونه‌ر درێژه‌م به‌ خوێندن دا.

له‌ مه‌هاباد تازه‌ به‌شێك به‌ نێوی گرافیك كرابووه‌ و خوێندن له‌و‌ به‌شه‌دا‌ پێویستی به‌ ئه‌زموون هه‌بوو. به‌ هه‌ر حال منیش به‌شدار بووم و به‌ ده‌ره‌جه‌یه‌كی باش توانیم ده‌رچم. له‌وێ بوو كه‌ توانیم خۆم په‌یدا بكه‌م، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ‌وانانه‌ی لێیان بێزار بووم له‌وێش هه‌ر هه‌بوون.

هو‌نه‌رستانم به‌ باشی ته‌واو كرد و دواییش كاردانیه‌كه‌یم (فوق دیپلم) له‌ شاری ورمێ خوێند.
بۆ ماوه‌ی سالێك و شه‌ش مانگ له‌ كانونی په‌روه‌رشی مامۆستای وێنه‌ بووم. دوایی به‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌‌ زمانی دایك (كوردی) وانه‌م ده‌وته‌وه‌ و له‌ گزینش (ئه‌زموونی سیاسی و ئیدیۆلۆژی ده‌وڵه‌ت) ده‌رنه‌چووم، له‌ كار ده‌ركرام.
بریارم دا له‌ خۆێندن به‌رده‌وام. هه‌ربۆیه‌ش ساڵی 2014 چوومه‌ زانكۆی هونه‌ره‌جوانه‌كانی سلێمانی. له‌وێ به‌داخه‌وه‌ ئه‌و به‌شه‌ی منی لێ نه‌بوو و من ناچار بووم به‌شی سرامیك بخوێنم.

سالی دووه‌می زانكۆ له‌گه‌ڵ سه‌یوان سه‌عیدیان هاوسه‌رگیریمان كرد و دوای ئه‌وه،‌ هه‌موو كار و چالاكییه‌‌ هونه‌ریه‌كانمان پێكه‌وه‌ ئه‌نجام داوه‌.

داویی یازده‌ساڵ ژیانی پر له‌ چه‌رمه‌سه‌ری باشوور، له‌ ساڵی 2014 دا بڕیارمان دا بچینه‌ باكووری كوردستان و له‌ شاری ئامه‌دی ده‌لال بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ ماینه‌وه‌. هه‌ر له‌ یه‌كه‌م مانگه‌كانی ژیان له‌ ئامه‌د، پرۆژه‌یه‌كی وێنه‌سازی بۆ كتێبی مناڵانمان پێ پێپێشنیار كرا و به‌زوویی ده‌ست به‌كار بووم. كاره‌كان باشی پێش رۆیشتن و له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ یه‌ك ساڵ دا وێنه‌سازیم بۆ 21 كتێبی مندالانه‌ ته‌واو كرد كه‌ 13 دانه‌یان به‌ زاراوه‌ی كرمانجی و 7 دانه‌یان به‌ زاراوه‌ی زازاكی نوسرابوون.

بابه‌تی كتێبه‌كان فۆلكلۆر بوون هه‌ر‌بۆیه‌ش زۆرم پێ باش بوو كه‌ به‌ (ئه‌نیمه‌یشن) و (بوكه‌ڵه)‌ كارییان له‌سه‌ر بكرێت. وه‌كو پرۆژه‌ پێشكه‌شمان كرد قه‌بول كران.

بریار درا كه‌ دوو دانه‌ له‌و كتێبانه‌ و چیرۆكێكی سه‌یوان وه‌كوو ئه‌نیمیشن كاری له‌سه‌ر بكه‌ین و دوو دانه‌ش وه‌كه‌ شانۆی بووكه‌ڵه.

كاری بوو‌كه‌ڵه‌كان كه‌وته‌ ئه‌ستۆی سه‌یوان و بریار درا من كاری ئه‌نیمه‌یشێنه‌كان ئه‌نجام بده‌م. له‌و پرژه‌یه‌دا كه‌ بیرۆكه‌كه‌شی هه‌ر هی خۆم بوو، كاری به‌رێوه‌به‌ری به‌رهه‌م، وێنه‌ سازی و كاراكته‌رسازیه‌كه‌ییم ئه‌نجام داوه‌.

پێشتریش ماوه‌یه‌ك له *زارۆك تی ڤی* له‌سه‌ر پرۆژه‌یه‌كی ئه‌نیمه‌شێن، كه‌ زۆرتر گۆرانی شه‌وانه‌ی منداڵان ‌بوون، كارم كردبوو. ئه‌و پرۆژه‌یه‌ 9 دانه‌ كلیپی له‌ خۆده‌گرت كه‌ من وه‌ك وێنه‌ساز و كاراكته‌ر ساز كارم تێدا كردووه‌ و له‌و كاناڵه‌ش بڵاوكراونه‌ته‌‌وه‌.

به‌ گشتی 12 به‌رهه‌می ئه‌نیمه‌شێنم هه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسم كردوون‌.ده‌مه‌ێ له‌سه‌ر كاركردنی هونه‌ری بۆ منداڵان به‌رده‌وام بم، چونكه‌ زۆر به‌ به‌ داخه‌وه‌ واڵاییه‌كی گه‌وره‌ له‌و بواره‌دا هه‌یه‌. له‌ وڵاتی ئێمه‌‌ هیچ بایه‌خێك به‌ منداڵ نادرێ و ته‌نانه‌ت كوردانی دانیشتووی ئوروپاش له‌ بواری په‌روه‌رده‌ی زمانی دایك زۆر لاوازن. زۆربه‌ی بنه‌ماڵه‌كان بۆیان گرینگ نییه‌ كه‌ منداله‌كه‌یان تا چ راده‌یه‌ك زمان و نه‌ته‌وه‌ی خۆی ده‌ناسێ.

له‌ باره‌ی كاركردنی ژنان و كه‌ند و كۆسپی سه‌ر رێگاشمان قسه‌ زۆره،‌ به‌ڵام دوو شت هه‌ن كه‌ هیچ كات بیریان لێناكه‌مه‌وه:‌‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ژنم یان چه‌ند ساڵم.

 

بۆ بینینی بەرهەمە هونەرییەکانی ڕووناک ڕەسووڵپوور بڕواننە گۆڤاری کۆپنهاون ژومارە یەک و دوو.

Share

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *