کۆبوونەوە

یەکەمین کۆبوونەوە فەرمی ئەنیستیتووتی کوردی کۆپنهاون

نووسەران، هونەرمەندان و هاوڕێیانی ئازیز لە هەموو بەشێکی کوردستان:

وێڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێی دووهەزاروبیست‌ویەکی زایینی، هیوای لەش‌ساغی و سڵامەتی بۆ هەموو لایەک بە ئاوات دەخوازین، هیوادارین ساڵی داهاتوو ساڵێکی پڕ بەرهەم بێت بۆ هەموو لایەک و هەروەها ببێتە ساڵی ڕزگاری لە دەست پەتای کرۆنا.

یەک ساڵ بە سەر دامەزراندنی ئەنیستیتووتی کوردی کۆپنهاون تێپەڕ بوو، ئەگەرچی ئەو ناوەندە لە ساڵی ٢٠١٥ وە بەردەوام چالاکی بووە و پاشان هەموو ناوەندەکان لە ژێر چەتری ئەنیستیتووتی کۆپنهاون کۆ بوونەوە، بەڵام لەو یەک ساڵەی ڕابردوودا ئەندامانی ئەنیستیتوو بەردەوام و خۆبەخشانە بۆ پەرە پێدانی زمان و کولتوور و هونەری کوردی نەوەستاون و لەو ماوەیەشدا چەندین پڕۆژە و کاری هونەری و کولتووری بەڕێوە چووە کە لە خوارەوە ئاماژەی پێ دەکرێت:

یەکەم: کۆبوونەوەکانی کتێب خوێنی پەپوو لە ٢٠١٥وە تا ٢٠٢٠

دووهەم: بەڕیوەچوونی سێ خولی فستیواڵی فیلمی نێونەتەوەیی توولیپاف بە هاوکاری ئەنیستیتووتی فیلمی دانماڕک، ٢٠١٧ تا ٢٠٢٠.

سێهەم: بەڕیوەبردنی چەندین سیمیناری تایبەت بۆ نووسەران و هونەرمەندان لە بواری موزیک و ئەدەب

چوارەم: بەشداری تیمی وەرگێڕانی ئەنیستیتووت لە ئانتۆلۆژی شیعری نوێی کوردی بۆ دانماڕکی

پێنجەم: چاپ و بڵاوبوونەوەی ژومارە یەک و دووی گۆڤاری کۆپنهاون

شەشەم: بونیات‌نانی کۆمەڵێک پڕۆژە و گرێبەست بۆ خوێندنی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کۆپنهاگ بە یارمەتی زانکۆی کوردستانی سنە لە ساڵی داهاتوو و هەروەها کۆمەڵیک پڕۆژە و کاری کولتووری تر سەبارەت بە زمانی کوردی کە لە ساڵی داهاتوو دا دێتە بەر.

حەوتەم: چالاکی و فێرکارییەکانی ناوەندی موزیکی ئەنیستیتووت “ناوەندی دەف” لە ساڵی ٢٠١٠ هەتا ئێستا

هەشتەم: بەشی بەرهەم‌هێنانی فیلم و چالاکی سینەما لە ساڵی ٢٠١٦وە تا ئێستا

نۆهەم: دامەزراندنی ناوەندی وەشانخانەی کوردی ئەنیستیتووت لە ساڵی ٢٠٢٠

ئەگەرچی هەنگاوەکانی ئێمە لەو مەودایەدا بێ کەم و کۆڕی نەبووە، بەڵام وەک کورد دەڵێ: “دەستێک بە تەنیا تەقەی نایە”، بۆیە پێمان وایە ئەو مەکۆیە دەبێ ببێتە جێی چالاکی هەموو هونەرمەند ونووسەر و هۆگرێک کە حەز دەکا لە پێناو چاند و هونەری کوردی هەنگاو بنێت.

بەو بۆنەیەوە ئەنیستیتووتی کوردی کۆپنهاون بە تەمایە لە کۆتایی مانگی فێبریەی ساڵی ٢٠٢١ دا یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمی خۆی ببەستێ بۆ ئەندام‌ وەرگرتن و یارمەتی هەموو لایەک، هەر بۆیە داوا لە هەموو هونەرمەند و نووسەرێک لە هەموو بەشێکی کوردستان دەکا کە بە دەنگ ئەو مەکۆیەوە بچن و ببنە ئەندام و بە پێی بوار و دەرفەت و کات ببنە یارمەتیدەر و پشتیوانی ئەنیستیتووت بۆ هەرچی باشتر بوونی ئەو مەکۆیە کە تەنیا کەڵکەڵەی خزمەت بە کولتوور و هونەری کوردییە.

هەر هاوڕێی و هونەرمەند و نووسەرێک حەز بە بەشداری لە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنیستیووتی کوردی کۆپنهاون دەکات، تکایە ئیمەیلێک بنێرێت بۆ بەشی پەیوەندی ماڵپەڕەکەمان وێڕای زانیاری شوناس و شوێنی ژیان، لە پاشان کات و سات و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە ڕادەگەیەنین.

لەگەڵ ڕێز
دەستەی بەرێوەبەری ئەنیستیتووتی کوردی کۆپنهاون

Share

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *